تبليغاتX
گذار پیش به سوی دمکراسی - عوسمان جەعفەری نهێنییەكانی دامەزراندنی پەژاك بۆ كوردستان راپۆرت ئاشكرادەكا
گذار

عوسمان جەعفەری نهێنییەكانی دامەزراندنی پەژاك بۆ كوردستان راپۆرت ئاشكرادەكا

سلێمانی. تایبەت:

لە دیمانەیەكیدا لەگەڵ كوردستان راپۆرت كە دەقەكەی لە ژمارەكانی داهاتوودا بڵاودەكرێتەوە، عوسمان جەعفەری ئەندامی دەستەی دامەزرێنەری پەژاك و یەكێك لە كاندیدەكان بۆ سەرۆكایەتیی پەژاك و سكرتێری ئێستای یەكێتیی دیموكراتی كوردستان باس لە چۆنێتی دامەزراندنی پەژاك و چالاكییەكانی ئەم دواییەی پارتەكە دەكا و گەلێك نهێنی كە تا ئێستا نەدركێندراون دەخاتەڕوو.

جەعفەری لە بارەی چالاكییە چەكدارییەكان و لێدوانەكانی پەژاكەوە رایدەگەینێ كە ئەوان لەگەڵ هێرشی چەكداری نین و دەلێ” هەر بزوتنەوەیەكی كوردی بیەوێ چارەسەری كێشەی كورد بە هێزی چەكداری بكا هەڵەیە، هێرشی چەكداری نەك لەبەرژەوەندی كورددا نییە، بەڵكو لەبەرژەوەندی داگیركەرانە و بە جورئەتیشەوە دەڵێم ئەوەی پەژاك دەیكا لەسەداسەد لەبەرژەوەی ئێرانە و دژی هەرێمی كوردستانە لە لایەك و دژی ئەو كوردانەشە كە لەناوخۆی ئێراندان و خەریكی چالاكی مەدەنین، چونكە بەو كارانە ئێران فشاردەخاتە سەر كوردەكانی ناوخۆ و كوردستان میلیتاریزەدەبێ و كێشەش بۆ هەرێمی كوردستان دروستدەبێ”. جەعفەری ئاماژە بەوەشدەدا كە پەكەكە خۆی بە كوردی رۆژهەڵاتەوە پاراستووە و دەڵێ” پەكەكە لە ساڵی 1999وە خۆی بە كوردی رۆژهەڵات پاراستووە و بۆ مانەوەی خۆی و رزگاربوون لە كێشە ناوخۆیی و دەرەكییەكانی، كوردی رۆژهەڵات بەكاردەهێنێ”. لە باری هەڵوێستی پەژاك لە شەڕی چەكدارییەوە دەڵێ” پەژاك بەشەڕی چەكداری ئاو دەكاتە ناو ئاشی دوژمنەوە”. جەعفەری لەو دیمانەیەدا ئەوەش ئاشكرادەكا كە پەكەكە، پەژاك بەكاردەهێنێ و دەڵێ”پەكەكە خۆی بارەگای لە ورمێی ئێران هەیە، كەچی پەژاك لە دژی ئێران هان دەدا، لەبەر ئەوە ئێمە هەر لەسەرەتاوە كە پەژاكمان دامەزراند دوودڵبووین و ترسمان لەوە هەبوو كە پەژاك دەستی ئێرانی لەپشتەوە نەبێ، لەبەر ئەوە ئەو كارانە زۆر سەیرن، پەكەكە لەلایەكەوە بارەگای لە ئێران هەیە و لەلایەكی دیكەشەوە پەژاك لە دژی ئێران بەكاردەهێنێ”. هەروەها ئاماژە بەوەشدەدا كە ئەوان كۆمەڵێك گەنجی خوێنگەرم و خوێندكاری زانكۆكانی ئێران بوونە و وایانزانیوە كە لە ناو پەكەكەدا دەتوانن كوردی رۆژهەڵات لەو قەیرانە رزگاربكەن كە رووبەڕووی بۆتەوە، بۆیە بڕیاریانداوە بچنە ناو ئەو بزوتنەوەیە و رێكخراوێكی سەربەخۆ و تایبەت بە رۆژهەڵات دابمەزرێنن و دەڵێ” بەڵام پەكەكە ئەمەی قبوڵ نەدەكرد، تەنانەت سەركردایەتیی پەكەكە لەو بەرنامە و پرۆگرامە نیگەران بوون كە بۆ پەژاكمان نوسیبوو و ئەوان پێیان گوتین كە ئێمە ناهێڵین ئێوە كۆنگرە ببەستن ئەگەر ئەمە پەیڕەو پرۆگرامتان بێ”. جەعفەری ئەوەش بۆ كوردستان راپۆرت ئاشكرا دەكا كە یەكێك لە سەركردایەتییەكانی پەكەكە پێگوتوون كە ئێران دیموكراسیترین رژێمی ناوچەكەیە و دەڵێ” ئەمە یەكەم جارە ئەو نهێنییە ئاشكرا دەكەین و تائێستا بەكەسمان نەگوتووە یەكێك لەسەركردایەتی پەكەكە توركییەكەی ئەمە بوو، چونكە كوردی نەدەزانی پێی گوتین (بولگە دە ئیران ئەن دیموكراتیك حكومەتتر) واتە ئێران دیموكراسیترین وڵاتی ناوچەكەیە، كەچی ئێوەش ئەوە پرۆگرام و ئەساسنامەتان بێ دژ بە ئێران ئەمە چۆن دەبێ، ئێمەش دوای ئەو قسەیە تووشی سەرسوڕمان بووین كە چۆن دەبێ بە بیركردنەوەیەكی ئاواوە بزوتنەوەیەكی سەربەخۆمان هەبێ”. جەعفەری ئاماژەش بەوە دەدا كە ئەوان لە كۆنگرەدا نەیاندەویست حاجی ئەحمەدی ببێ بە سەرۆكی پەژاك، “چونكە پەكەكە لە ئەوروپاوە حاجی ئەحمەدی وەك پاكەتێك هێنا و لە دۆڵی شەهید هارون و لە كۆنگرەدا كردیان بە سەرۆكی پەژاك”.

+ نوشته شده توسط ارش.ک در پنجشنبه نوزدهم اردیبهشت 1387 و ساعت 22:48 |