تبليغاتX
گذار پیش به سوی دمکراسی - شەش حیزبى سیاسى رۆژهەلاتى کوردستان لە مێزگردێک‌دا کۆده‌بنه‌وه‌
گذار
شەش حیزبى سیاسى رۆژهەلاتى کوردستان لە مێزگردێک‌دا کۆده‌بنه‌وه‌
کاوان عومەر سەلامى
ڕۆژنامەى ئاسۆ ڕۆژى سێشەممە ڕێکەوتى 29/1/2008 لە ئوتێل سلێمانى پاڵاس مێزگردیکى بۆ حزبە سیاسیەکانى کوردستانى ڕۆژهەڵات لە ژێر ناوى (کۆکردنەوەى دەنگە ناکۆکەکان) ساز کرد کەتێیدا 6 لایەنى سیاسى کوردستانى ڕۆژهەڵات (حەسەن ڕەحمان پەنا ئەندامى کۆمیتەى ڕێبەرى کۆمەڵە، کەمال کەریمى ئەندامى دەفتەرى سیاسى حزبى دیموکراتى کوردستان، ڕەزا کەعبى ئەندامى کۆمیتەى ڕێبەرى کۆمەڵەى شۆڕشگێڕى زەحمتکێشانى کوردستانى ئێران(ڕەوتى ڕیفۆرم)، عوسمان جەعفەرى سکرتێرى یەکێتى دیموکراتى کوردستان، بیهروز ئەردەڵان ئەندامى کۆمیتەى ناوەندى سازمانى خەباتى کوردستانى ئێران، شەماڵ پیران ئەندامى کۆمیتەى ناوەندى پارتى ئازادى کوردستان) بەشدار بون.
لەو مێزگردەدا کە 5 کاتژمێرى خایاند، هۆکارەکانى دوو لەتبوونى حزبەکان، نەبوونى بەرەیەکى کوردستانى، دوورە پەرێزى و نا شەفافیەت لە نێوان حزبەکان و هەروەها چەندین تەوەرى تر خرایە بەر باس و لێکۆڵینەوە.
شایەنى باسە ڕۆژنامەى ئاسۆ بانگهێشتى حزبى دیموکراتى کوردستانى ئێران و هەروەها کۆمەڵەى شۆڕشگێڕى زەحمەتکێشانى کوردستانى ئێرانى کردە بوو، بەڵام ئەو دوو حزبە هەرچەندە پێشتر بەرەو پیرى ئەو هەنگاوە هاتن بەڵام، بەداخەوە بە هۆکارى نادیار لەو مێزگردەدا ئامادە نەبوون.
  
ئاسۆ: حزبەکانى کوردستانى ڕۆژهەڵات لە چەند ساڵى ڕابردوودا بە بەردەوامى ئینشقاقیان تێدەکەوێت، ئایا ئەمە بەهۆى نەبوونى دیموکراسیە
 لە حزبەکاندا، یان لێک حاڵى نەبوونە؟
کەمال کەریمى: زۆر سوپاستان دەکەم بۆ ئەم هەنگاوەتان چوونکە لانى کەم توانیمان بەم جۆرە پێکەوە دابنیشین، بەڕاستى ئارەزوم دەکرد هەرهەموومان بووینایە، و ئەو دۆستانەى کە نەیانتوانیوە بێن بە هەر هۆکارێک ئامادە بونایە، چوونکە لەوانەیە ئەمە بکرێت بە سەرەتایەک بۆ زۆر قسە و باسى تر لەسەر مەسەلە جۆراوجۆرەکان. وەک هەموان دەزانین بە جۆرێک نەکردنى قسەیک دەتوانیت بۆ سالەها گرفتێک بێلێتەوە و باسکردنیشى ببێتە کرد نەوەى دەروازەیەک بۆ چارەسەرى کێشەکان.
لە وەڵامى پرسیارەکەى جەنابتان دەبێت بڵێم بەداخەوە درێژ بوونەوەى خەباتى چەکدارى و خەبات لە دەرەوەى بازنەى کۆمەڵانى خەڵک و هەروەها دووربوونى سەرکردایەتى لە کۆمەڵگا بۆتە گرفتێک کە تەنانەت نەشمانتوانیووە خۆشمان بخوێنینەوە.
دیارە بۆ ئینشقاقى حزبەکان بەداخەوە زۆر لە مێژە ئەم مەسەلەیە هەیە و ئێمە وەک حزبى دیموکراتى کوردستان ئەگەر بمانەوێت باسى لێوەبکەین، لەوانەیە لە سەرەتاى دەستپێکردنى قۆناغێکى نوێ لە خەباتى ئازادیخوازانەى خەڵکى کوردستان لە ساڵى 58دا و لە دوواى هاتنە سەر کارى کۆمارى ئیسلامى ئێران ئێمە یەکەم ئەزموونى جیابوونەوەمان کرد لە حزبى دیموکراتى کوردستاندا، بە دوواى ئەوەشدا لە ساڵى ڕابردوودا بۆ دووهەمجار حزبى دیموکرات تووشى ئینشقاق بووە .لە ڕاستیدا من پێم وایە نەک حزبى دیموکرات بەڵکو هەموو حزبەکان لەو ماوە دوور و درێژەدا کە دووربوون لە کۆمەڵانى خەڵک، کە دەڵێم دووربوون بەو مانایە نیە کە ئێمە لەگەڵ کۆمەڵانى خەڵک لە پەیوەندیدا نەبووین چوونکە ئەگەر ئەو پەیوەندیە نەبوایە لە ڕاستیدا ئیمکانى چالاکیش نەدەما، پەیوەندییەکە هەیە، بەڵام ئێمە لەو مەیدانەدا هاتووینەتە دەرەوە و ڕێبەرى حزبەکان لە دەرەوە هەوڵیان داوە ڕێنمایى سیاسى و فکرى و تشکیلاتى خەڵک بکەن.
ڕەنگە بەشێک لە هۆکارەکان لە هەموو حزبەکاندا وەک یەک ببیندرێت، بەڵام ئەوەى کە دەگەڕێتەوە سەر حزبى دیموکراتى کوردستانى ئێران کە ساڵى ڕابردوو دوولەت کرا و بوبە حزبى دیموکراتى کوردستانى ئێران و حزبى دیموکراتى کوردستان بە شێکى دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەى کە تواناى تەحەموول کردنى یەکتر، تووانانى تەحەمول کردنى بیر و بۆچوونەکان بوونى نەمابوو هەروەها بیر کردنەوە لە هەندێک پرۆگرامى تایبەت لەنێو گروپێکى تایبەتدا وایکرد حزب ببێتە دوو گروپى جیاواز.
حزبێک کە 11 ساڵ پێشتر توانیبووى یە ک بگرێتەوە و دەبو ئەوە ببوایەتە ئەزموونێکى زۆر باش بۆئەوەى کەحزب بەم زووانە تووشى ئەو بارودۆخە نەبێتەوە، بەڵام بەداخەوە بە کەڵک وەرگرتنى نالەبار لەم ئەزموونە وایلێهات جۆرێک دووبەرەکى لە بارەى بیرکردنەوە و ئیدارەکردندا درووست ببێت و حزب جارێکى تر دوولەت ببێت، بەڵام من دەمەوێت ئەوە بڵێم بۆچى حزب گەیشتە ئەو قۆناغەى کە دوولەت بێت بەراى من عەیبى کار لەمەدایە، لە هەر حزبێکى سیاسى لەوانەیە دوو بۆچونى جیاواز درووست ببێت کە بتوانن لەسەر یەک بەرنامەى درووست پێکەوە کار بکەن، بەڵام کێشەى ئێمە ئەوەبوو کە نەمانتوانى یەکتر تەحەمول بکەین واتە ئەو بەشەى کە پێى وابوو دەسەڵاتى بەدەستە تەحەمولی بوچونیکی جیاوازى نەدەکرد، دیارە بەگشتى بارودۆخى سیاسى، هەڵچوون و داچوونەکانى سیاسى لە خەباتدا و بۆچوونى ڕاست و بۆچوونى ناڕاست، کاریگەرى دەبێت لەسەر ئەوەى کە لە حزبێکدا گروپێکى تایبەت بگەنە ئەو قەناعەتەى کە ڕێز لە بۆچوونى هاوڕێکانیان بگرن، دیموکراسى لە حزبى ئێمەدا بە شێوەیەک باس دەکرا کە دیموکراسى پەیوەندى بە دەسەڵاتەوە هەیە واتە ئەوەى کە ڕێبەر دیلیت دەبێتە بنەماى دیموکراسى لە حزبەکەدا، ئەمەش بوخوی سەرچاوەیەکە کە وادەکات جێگاى هەموو کەس نەبێتەوە و گروپ و باڵ پێک بێت.
لە حزبى ئێمەدا وەڵام نەدانەوە بۆ ویستانەى کە لەلایەن بەشى کەمینەى کۆمیتەى ناوەندیەوە دەکرا وایکرد کە تووشى ئەو قەیرانە بین و نەتوانین پێکەوە بحەوینەوە.

ڕەزا کەعبى: من سوپاسى جەنابت و ڕۆژنامەى ئاسۆ دەکەم و بەخێرهاتنى هەموو میوانەکانیش دەکەم. پێم وایە دیموکراسى ناوخۆیى دەتوانێت یەکێک لە هۆکارەکان بێت، بەڵام من لە کۆنگرەى 11 ى کۆمەڵەشدا کە ساڵێک پێش جیابوونەوەى ئێمە بەسترا، کاتێک سەرەى من هات بۆ قسەکردن وتم ئەگەر چاودێرێکى بیانى چاوى لەوقلمەقلمەی تشکیلاتى ئێە بێت چۆن هەڵى دەسەنگێنێت، بەڕاستى بۆ هەموو ئینشقاقێک لە جیهاندا و بەتایبەت لە حزبەکانى خۆماندا نەلەڕووى قسەى لایەنەکانەوە بەڵکو دەبێت لە ڕووى پێگەى هەر کامێکیان لە کۆمەڵگا و یان ئەو وەڵامەى کە بەکێشەکانى کۆمەڵگاى دەدەنەوە هەڵسەنگێندرێت.
پێم وایە سەرچاوەى ئینشقاکەکان دەگەڕێتەوە بۆ ئەو ئاڵوگۆڕە گەورە کۆمەڵایەتیەکە لە کوردستانى ئێراندا ڕووى داوە.
کۆمەڵگاى کوردستانى ئێران هیچ لێک چوونێکى وەک کۆمەڵگاى کوردستانى ساڵى 58 ى هەتاوى نیە و هەموو دیاردەکان گۆڕانیان بەسەردا هاتووە وەک ڕۆڵى پێگەى ژن، ڕۆڵ و پێگەى چینە جیا جیاکانى کۆمەڵگا، پێگەى ڕۆژنامە وانى، دیارە حزبایەتیش وەک دیاردەیەکى کۆمەڵایەتى دە بۆ ئاڵوگۆڕى گەورەى بەسەر بهاتایە.
ئەوەى کە دوو حزبى سەرەکى هەتا هەتایە دەبێت لە کۆمەڵگادا بمێنەوە دیارە نەلەهیچ شوێنێکى ئەم جیهانەدا ڕووى داوە و نەپێشم وایە هیچ بۆچوونێکى زانستى ئەو شتە قبووڵ بەکات.
ئەوەى کە دەگەڕێتەوە بۆناو کۆمەڵە دیارە کۆمەڵە لەدواى ڕاپەڕینى ساڵى 1357 هاتاویەوە کێشمەکێشمى سیاسى تێدا بووە و تەنانەت پێش پێکهاتنى حزبى کۆمۆنیستى ئێران، کۆمەڵە خاوەنى هیچ بەرنامەیەکى سیاسى و ڕۆشن نەبوو. دیارە ڕاپەڕینى ساڵى 57 کۆمەڵەى خستە مەیدانى چالاکى سیاسى و رێکخراوەى لە کوردستانى ئێراندا و بە بڕ واى من بەهۆى بۆچوون و بیرکردنەوەى درووستى ڕێبەرەکانیەوە توانى لە ماوەیەکى کەمدا ببێتە یەکێک لە حزبە سەرەکیەکانى کوردستانى ئێران، بەڵام کاتێک لە ئاوێنەى مێژوودا چاوى لێدەکەین دەبینین خاوەنى هیچ ڕێبازێک و بەرنامەیەک نەبووە.
ئەو حزبە، حزبێکى کۆمۆنیستى پێک هێنا و پرۆژەکە شکستى خوارد، واتە گیروکێشەى فکرى و سیاسى تائێستا لەناو کۆمەڵەدا کۆتایى نەهاتووە.
دیارە لەگیروکێشەکان هەر لایەنێک، لایەنەکەى ترەى بەدژى کرێکار و دژى کۆمۆنیست بوون تۆمەتبار کردووە، بەڵام تاکو ئەو جێگایەى بە کێشەکانى خۆمان دەگریتەوە پێم وایە ئەمە شتێکى چاوەڕوان نەکراوبوو. کاتێک ئێمە 7 ساڵ لەمەو پێش لە حزبى کۆمۆنیستى ئێران جیابوینەوە بە کۆمەڵێک شتى نوآ هاتینە دەرەوە و پێشمان وایە ڕەوتێک بە جۆرە بۆچوونێک لەناو کۆمەڵەدا دروست بوو کە جیاواز بوو لەو بۆچوونانەى کە ئێمەى هاندا بۆ هاتنە دەرەوە لەناو حزبى کۆمۆنیست دا. دیارە گۆڕانکاریەکانى کوردستانى عیراق و هێرشى ئەمریکا بۆسەر عیراق بۆ بە خەونێک و دیتنى ئەو خەونەش بۆ کوردستانى ئێران بەشێک لە دەفتەرى سیاسى بەتایبەت سکرتێرەکەى تووشى حیساباتى ناراست کردووە پێى وابو کە ئیتر پشت بەستن بە شۆڕشى جەماوەرى و هێزى خەڵک و ڕێکخستنەکان باوى نەماوە و بە شێوەیەکى نابەجآ و نا مەسئولانە هەموو ئومێدى خۆى لەسەر هێرشى ئەمریکا بۆسەر ئێران دانا کاتێک ئەمە ڕوویدا وردەوەردە ڕەوتێکى ناشۆڕشگێڕ و تاڕادەیەک گەندەڵ لە بارى سیاسیەوە لەناو کۆمەڵەدا سەرى هەڵدا و ئەم ڕاپەڕینەى ئێمە دژى ئەو گەندەلییە بوو، بەڕاستى هیچ کاتێک لە تەمەنى کۆمەڵەدا وەک ئەم جار نەبووە کە ڕەوتێک بە جەوانى بەرنامەى خۆى بدات. ئێمە لە 14/4/2007 دا بەشێک لە جیاوازییەکانى خۆمان لەگەڵ بەشێک لە ڕێبەرى کۆمەڵە ڕاگەیاندو وتمان ئێمە بۆ ئەم شتانە هەوڵ دەدەین، تائێستاش ئەوان هیچ وەڵامێکیان بەو پلاتفورمەی ئێمە نەداوەتەوە و بەهیچ شێوەیەک نایانەوێت بێنە ناو باسى سیاسییەوە و تەنیا خەریکى پروپاگەندە دروست کردن بوون و بەس، پێشم وایە گاڵتەى مێژویش ئەوەیە کە ئێستا باس لەوە دەکەن کە چەپن و جارێکى تر چوونەتەوە سەر قسە و باسەکانى مەنسورى حیکمەت، بۆیە پێم وایە جوابى ئێمە بە مەسەلەکانى ئەمڕۆى کوردستان دەتوانێت ڕەوتەکان دیارى بکات. سکرتێرى ئەوکاتەى کۆمەڵە زۆر بە ئاشکرا باسى ڕێکخستنەکانى ڕێکخراوى موجاهیدینى دەکرد و دەیوت ئەمریکا حزبى واى دەوێت حزبێکى دەوێت کە ڕێبەرەکەى کاتێک قسەى کرد هەموو ئەندامەکانى بە قسەى بکەن و دیارە ئێمە لەگەڵ ئەو مۆدیلە حزبیەدا نەبووین، مۆدیلى حزبێکى ستالینستى کە بەهیچ جۆرێک لەگەڵ دونیاى ئەمڕۆ و ئەزمونى مێژووى مرۆڤایەتى نایەتەوە.


حەسەن ڕەحمان پەنا: پێشەکى سوپاسى جەنابت و ئەم بەڕێزانە دەکەم کە لێرە دانیشتوون دیارە هەرکات لایەنێک قسە بکات بەشێک لە حەقیقەت لە قسەکانیدا هەیە چ ئەو بەشە لە قسەکانى کاک کەمال کە بە جیابوونەوەى خۆیان دەگەڕێتەوە و بریا لایەنی بەرانبەریشیان لێرە بوونایە و وەڵامى خۆیان بدایە و چ ئەو بەشى دوواى جیابونەوەى سازمانی زەحمەتکێشان دەگەڕێتەوە و کاک ڕەزا باسى کرد کە بریا ئەو لایەنەى تریش لێرە بونایە و قسەى خۆیان بکردایە.
لەسەر جیابوونەوەکان من هەندێک تێبینى جیاوازم هەیە، لەوانەیە نەبوونى دیموکراسى و ناشەفافیەتى دارایى لە جێگاى خۆیدا بتوانین ڕەخنەى لىَ بگرین، بەڵام بە باوەڕى من ئەمانە ناتوانن هۆکارى سەرە کى بن بۆ ئینشتقاق لە حزبێکدا بەڵکو پێم وابێت هۆکارە سەرەکییەکە دەگەڕێتەوە بۆ کۆمەڵێک مەسەلەى سیاسى و جیابونەوە چ لەبارەى فکرى و بەرنامە و ستراتیژى و ڕێگەچارەى مەیدانى بۆ ئیدارەى کۆمەڵگاى کوردستان و هەروەها ئەو ڕووداوانەى کە لەم چەند ساڵەدا لە ناوچەکەدا درووست بووە، بۆ نموونە هاتنى ئەمریکا و ئەو کەسانەى کە هەموو ئومێدێکیان دەبێت بەوەى کە ئەمریکا ڕزگاریان بکات لەگەڵ کەسێک کە باوەڕى بە هێزى جەماوەرى هەیە دیارە ئەمە دووسیاسەتە و لەناو ئێمەشدا کاتى خۆى لە ساڵى 2000دا کێشەکان لە ئاکامدا جیابوونەوەى سازمان زەحمەتکێشانى لىَ کەوتەوە کە ئەمە شکستى حزبى کۆمۆنیستى ئێران نەبووە کە کاک ڕەزا دەڵێت، ئەگەر ئەوەبوو باشە ئینشقاقى دوێنێکەیان هیچى بۆ. هەر ئەوەى کە ئەو شێوازەى کاک عەبدوڵڵاى مهتدی هەیەتى کە بە هەمووتان تاکو دوێنێکە شەریکى ئەو سیاسەتە بوون ؟ پێشم وایە حزبى کۆمۆنیستى ئێران لەبارى فیکریەوە، لەبارى سیاسیەوە لە هەموو حزبەکانى تر یەکگرتووى و یەک ڕیزى زۆرترە، بۆیە ئەوە ناتوانێت لێدوانێکى شیاوبێت بۆ جیابوونەوەى ئەوکات، بەڵکو هۆکارى سەرەکى ئەوەبوو کە ئێمە بیرکردنەوەمان جیاواز بوو، ئەو لایەنە باوەڕى بە ڕێبازێکى ئینسانى، کۆمۆنیستى، سوسیالیستى کە تا دوێنێکە هەمومان باوەڕمان پآ بوو، باوەڕیان پآ نەما ، کاک عەبدوڵڵاى مهتەدیش لە وتووێژێکیدا لەگەڵ ڕادیۆیەکى سوید ئەودەم دەڵێت: چەپەکانى ئێران نابێت ئەو ئەزموونەى چەپەکانى عیراق دووپات بکەنەوە و دژى هێرشى ئەمریکابن بۆسەر ئێران. دیارە ئەم هەڵوێستە لەگەڵ لایەنێکى تر کە دژى هێرشى ئەمریکا بوو بۆسەر عیراق کە ئێمەین جیاوازى سیاسى دەگەیەنین بۆیە پێم وایە ئەم مەسەلانە زۆر گرنگەن. بێجگە لەوە، حزبێک کە پرۆژەکانى تووشى شکست دەبێت، حزبێک کە هەوڵ دەدات بۆ بەرەى کوردستانى،بەلام بۆى درووست نابێت و هەوڵیش دەدات بۆ کۆنگرەى گەلانى ئێران و بۆى ناچێتە سەر هەوڵدەدات بچێتە ئەمریکا و لەوێش لە کۆنگرەى ئەمریکا کەسانى رەدە سآ و چواریش نایبینن، یان ئەو حزبەى کە پاش 60 ساڵ دروشمى خودمختارى دەگۆڕێت و دەیکات بە فیدرالیزم تەنانەت شیکردنەوەیکیش بۆ ئەندامانى خۆشى نادات، لە پەناى ئەمانەشدا ئەگەر ڕێبەرەکەش هەڵسوکەوتى باش نەبێت دیارە ئەو حزبە کەس سیقەى پێناکات و ئەو گرفتانەى بۆ درووست دەبێت.
کاک ڕەزا چەند شتێکى سەبارەت بە کۆمەڵە باس کرد دیارە ئەمە بیرکردنەوەى ئەوانە، من ناڵێم کۆمەڵە لە ڕۆژى یەکەمەوە دەقاودەق ئەو پرۆگرامەى هەبووە کە ئێستا پەیڕەوى دەکات، بەڵام ئەگەر کۆمەڵە بەرنامەى نەبووە ئەى چۆن لە ساڵى 58ى هەتاویدا بووبە ئەو هێزە گەورەیە. کۆمەڵە لە 8 مادەیى مەهاباد، 24 مادەیى و هەروەها گەڵاڵەى وتووێژ لەگەڵ کۆمارى ئیسلامى و بەرنامە بۆ دابەشکردنى زەوى باسى خودمختارى کە لە دروشمەکانى دواتریداهات ڕوڵی بووە، دیارە ئەمانە هەمووى بەرنامە بووە . پێم وایە ئەو قسانە مێژوى کۆمەڵە نییە و بەڵکو خراپ پیشاندانى مێژویەکە کە تا 7 ساڵ لەمەو پێش ئەوانیش تێیدا بەشدار بوون. دیارە ئەو مێژووە تائێستاش بۆ ئێمە جێگاى بەرگرییە و چوونى کۆمەڵە بۆناو حزبى کۆمۆنیستى ئێرانیش نەک هەر تەنیا کۆمەڵەى لاواز کرد بەڵکو بەهێزى کرد. ئەگەر گرفتەکە حزبى کۆمۆنیستە ئەى پرۆژەى 7 ساڵەى ئەوان کە بەناوى کۆمەڵەشەوە کار دەکەن بۆچى هەرەسى هێنا؟

عوسمان جەعفەرى: پێشەکى دەست خۆشى لە ئێوە و ڕۆژنامەى ئاسۆ دەکەم هەروەک چۆن ڕۆژنامەکەتان سەرچاوەیکە لەناو ڕۆژنامەوانى کوردیدا، هیوادارم ئەم کاروکارەکانى تریشتان ببێتە سەرچاوەیک بۆ ئەوها کۆبوونەوەهایەک. هەروەها بەخێرهاتنى ئەم بەڕێزانەش دەکەم، بەڕاستى شادمانم کە ئەمڕۆکە پێکەوەین و دەتوانین تاوتوێى هەندێک شت بکەین، من دەتوانم بڵێم لەگەڵ زۆرێک لە قسەکانى کاک ڕەزا و کاک حەسەن و کاک کەمال دام، بەڵام خوێندنەوەى تایبەتى خۆشمان هەیە، چوونکە ئێمەش وەک یەکێتى دیموکراتى کوردستانى رۆژهەڵات حزبێکى ئینشقاقین لە پارتى کرێکارانى کوردستان pkk ، بەڵام دەتوانم بڵێم جیاوازى ئینشقاقى ئێمە لە pkk یان pjak ، جیاوازیەکى فیکرى و سیاسى بوو. دەتوانم بڵێم بەشێک لەو هۆکارانەى کە بوبەهۆى جیابوونەوەى ئێمە بەشێکى هەر ئەو هۆکارانەن کە هاوڕێیان باسیان لىَ کرد.
ڕاستیەکە ئەوەیە کە ئەم سەدەیەى کە ئێمەى تێدا دەژین، سەدەى بیست نییە ئەگەر تەماشا بکەین بنەڕەتى هەموو حزبە کوردییەکان دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمى شەڕى دووهەمى جیهانى لەڕووى بنەماى فکرى، شێوەى ڕێکخستن و شێوەى سیاسەتیانەوە دیارە هەر سەردەمێک بەسەر ئەو شتانەى کە بونەتە هۆکارێک بۆ درووست بوونى ئەم حزبانە تێپەڕیوە وەک سەردەمى شەڕى سارد یان ئەو گۆڕانکاریە گەورانەى کە لە ئاستى جیهاندا روویان داوە ئیدى هەلناَگرێت بەو شێوە حزبایەتى کردن کەلە سەدەى بیستەم دا دەکرا لە سەدەى بیست و یەکیشدا هەر ئەو حزبەبیت کە ئەودەماغە گەورە و ئەو هێزە گەورەت هەبێت. ئەمە نە ک هەر لە کوردستاندا، لە زۆر جێگاى جیهانیشدا بینیومانە و بیستومانە ئەو ئاڵوگۆڕەى کەبەسەر جیهاندا هات بوبەهۆى گۆڕانى زۆر شت هەم لە ئاستى حکومەتدا و هەم لە ئاستى حزبدا.
هەمووتان دەزانن دواى ڕووخاندنى یەکێتى سۆڤیەت هەموو دونیا لە ساڵى 90 بەم لاوە گۆرانێکى لەسەر بنەماى فیکرى خۆى پێک هێنا، بەڵام بەداخەوە لەنێو کوردستاندا بەوەى کە گۆڕان بکرێت لە سیاسەتدا لە شێوەى بەڕێوەبەریدا لە سازمان و حزبەکاندا هەست پێنەکرا و ئەگەریش هەبووبێت زۆر کەمبووە و بەس لە ئاستى ریفورمێکدا بووە کە خۆى جۆرێکە لە پێنە کردن واتە حزبێک بیهەوێت بیرکردنەوەى سەدەى بیست بێنیتە ناو سەدەى بیست و یەکەوە و بەس تەنیا نەختێک ڕیفۆرمى تێدابکات بەڕاستى ئەمە کارێکى نەشیاوە چوونکە ئەو بیرکردنەوەیە مۆرى سەدەى بیستى پێوەیە و سەدەى بیست و یەک شتى تازەى گەرەکە. بۆیە ئەگەر ئنشیقاق ڕوودەدات بەڕاى من زۆر ئاساییە چوونکە سەدە سەدەیەکى نوێیە و بەڕێوەبەرى نوێیە و هەمووشتێک گۆڕانى بەسەردا هاتووە.
ئەگەر باس لە نەبوونى دیموکراسى حزبى بکەین دەبێت سەیرى مۆدیلى حزبەکەش بکەین، مودێلەکەى مارکسیت لنینیستی کە مودیلێکى ستالینییە. ئێمە بۆخۆمان لەناو pkk دا بەتەواوەتى دژى ئەو بنەما فکرییە بوین کە دەیویست بە شێوەیەکى زۆر نامەعقولانە و دوور لە پرنسیپەکانى سیاسەت لە سەدەى بیست و یەکدا بە سەر ئێمە بیسەپێنێت، چ لە کوردستانى ڕۆژهەڵات و چ لە باشوور و باکوور و ڕۆژ ئاوا pkk لە ساڵى 1999وە هەستى بەوە کرد کە هەندێک گۆڕان بکات، بەڵام چوونکە هەمووى پینەکردن بوو، هیچى بۆنەکرا و گەیشتە خاڵێک کە بەڕاستى لە ساڵى 2003 و 2004دا خەریک بوو pkk هەڵوەشێتەوە، دیسان pkk بۆئەوەى کە پارچە پارچە نەبێت چووەوە سەر بیرکردنەوە کۆنەکەی و pkkى وەک خۆى لىَ کردەوە، بەڵام ئەمجارە ڕۆڵى pkk چیە؟ ڕۆڵى میکانیزمێکى فیکرییە بۆ بەڕێوەبردنى ئۆرگانەکانى ترى pkk ئێستا لە کوردستان ئەگەر گۆڕانەکان بنەڕەتین، ئینشقاقەکان بنەڕەتین یان دەیانهەوێت مۆدیلێکى هاوچەرخ وەک وڵاتانى سکاندیناوى ساز بکەن پێم وایە کێشە درووست ببێت .
باشە تێگەیشتنى ئێمە لە سیاسەت ئەمڕۆ بۆ کوردستان چیە؟ هەنگاوى سەرەکى ئێمە کە ئێستا دەبێت ڕێکخستنى خەڵک بێت پێچەوانە بوونەتەوە و بۆتە شەڕى دەسەڵات، بەڕاى من گۆڕانى سەدەى بیست و هاتنى سەدەى بیست و یەک بۆتە هۆى نەک هەرئەم ئینشقاقانە بەڵکو ئینشقاقى تریش ڕوودەدات.


بیهروز ئەردەڵان: سوپاسى ڕۆژنامەى ئاسۆ و جەنابت دەکەم و هیوادارم بەردەوام بن، پێم وایە ئەمە خزمەت دەکات بە نزیک بوونەوەى فکرەکان و جوڵانەوەکان.
بە نیسبەت ئەو ئینشقاقانەوە دیارە سازمانى خەبات ڕاگەینداروى هەبووە لەسەر هەموو ئینشقاقەکاندا، سەبارەت بە ئینشقاقەکەى حزبى دیموکراتى کوردستانى ئێران ئێمە پێش لەت بوونەکە سەردانى کاک مستەفاى هیجریمان کرد و داوامان لىَ کرد ئەگەر دەکرێت بە شێوەى دیالۆگ ئەو کێشەیە چارەسەر بکەن.
پێم وایە نەبوونى دیموکراسى و ئوردوگانشینى و نەبوونى پلاتفورمیک بۆ چالاکى لەنێو کوردستاندا بونەتە هۆى درووست بوونى ئەو جیابونەوانە لە حزبەکاندا.


شەماڵ پیران: زۆر دەست خۆشیتان لێدەکەم بۆ پێکهێنانى ئەم مێزگردە بێگومان کاریگەرى خۆى دەبێت و هەنگاوێکى پیرۆزە، سەبارەت پرسیارەکەى جەنابتان دەبێ بڵێم، ئینشقاق شتێکى زۆر سورشتییە و لەمێژە هەبووە، بەڵام ئەوەندەى کە پەیوەندى هەبێت بەم قۆناغەى ئێستاوە، هۆکارەکان ڕەنگە زۆربن دیارە ئەو جیابوونەوانە لەگەڵ ئەوەدا کە ڕەنگە کێشەى سیاسى و فکریشى تێدا هەبوبێت، بەڵام کێشەکان زیاتر لە ڕیزى حزبە سیاسیەکاندا نەبوونى ئەو فەنە گونجاوەیە کە لەناو ڕێکخراوەکەدا بوو ڕێکخستى کارەکانیان هەیە و بەشێکیش ویست و خواستى کەسەکان کە دیارە مافى هەر یەکێکە هەوڵ بدات بۆ خواستەکانى. پێم وایە بەشێکى زۆرى دەگەڕێتەوە بۆ کێشەى دەسەڵات.
میوانە ئازیزیەکان زۆر شتیان باس کرد بۆیە من زورکاتتان ناگرم، بەڵام پێم وایە زیاتر کێشەکان کێشەى ڕێکخستنە و کێشە ناوخۆییەکان و بەتایبەت ئەوەى کە حزبێک چۆن بەڕێوە بچێت.

ئاسۆ: پێتان وانیە ئەم جیابونەوانە خویەکە کە لە حزبەکانى کوردستانى عیراقەوە وەرتان گرتبێت، چوونکە ئێمە حزبى ترمان هەیە لە ئاستى ئێراندا چالاکییان هەیە و زۆر بە دەگمەن ئەو کێشانەیان بۆ درووست دەبێت؟
کەمال کەریمى: ئەگەر بڵێم وەک چاولێکەرى نا من واى نابینم، ئەگەر وەک کاریگەریش باسى لىَ بکەم وەک هۆکارى سەرەکى نایبینم. پێم وانیە حزبەکانى تریش ئەوەندى کە ئێمە ساڵەهایە یەکتر دەناسین و سەرەڕاى هەموو گیروگرفت و کێشەى ساڵانى پێشتر کە هەمان بووە، بەڵام لانى کەم لەم 10 ساڵەدا پەیوەندیەکى باش هەبووە کە توانیومانە یەکتر ببینین و موناقەشە لەسەر هەموو مەسەلەکان بکەین بەجۆڕێک کە لە بارى بیرکردن و هەڵوێستىسیاسى تا ڕادەیەک یەکتر دەناسین بۆیە پێم وایە هیچ کام لە حزبەکان ئەو جیابونەوانەیان بەسەردا نەسپاوە بە شێوەى کە پێیان کردبێتن، لە ڕاستیدا ئەم جیابوونەوانە شتێکى سروشتیە دیارە هەندێک گۆڕان کاریگەرى لەسەر مرۆڤەکاندا دادەنێت هەر بۆیە زۆر ئاساییە دەبێ ئینسان چاوەڕوانى ئەوە بکات کە ڕێکخراوێک زیاتر ئەو گۆڕانانە کاریگەرى تێدا دەکات. بەڕاى من ئەوەیە کە هەوڵ بدەین ئەو ئەزموونە خراپانەى ئێرە لەگەڵ خۆماندا نەبەینەوە بۆ کوردستانى ڕۆژهەڵات وەک ئەزموونى شەڕى براکوژى، کە بەڕاستى دواکەوتوویى وڵاتى لێکەوتەوە و لە زۆربەى دانیشتەکانیشماندا باسمان لەوە کردووە کە دەبێت بەهیچ شێوەیەک ئەم ئەزموونانە نەبەینەوە بۆ کوردستان بەڵکو ئەگەر ڕۆژێک کوردستانى ڕۆژهەڵات ئازاد کرا ئێمە هەوڵ بدەین ئەمانە بکەین بە ئەزمونێک کە بزانین لەوێ چۆن هەڵسوکەوت بکەین کە تووشى کێشەى گەورە نەبین هەڵبەتە لەوانەیە لەڕووى فکریەوە حزبێک کاریگەرى لەسەر حزبێکى تردا دانابێت کە ئەمە شتێکى سەیر نییە، بەڵام ئەوەى کە حزبەکانى باشورى کوردستان پێیان خۆشبووبێت کە ئێمە ئینشقاقمان تیا درووست ببێت من واى نابینم، بە باوەڕى من ئینشقاق لەنێو حزبێکى سیاسیدا بەڕاستى شتێکى سەیروسەمەرە نییە، کۆمەڵێک خەڵک لەسەر بەرنامەیەکى دیارى کراو دەستیان کردووە بەکارى سیاسى، بەڵام لە جێگایەکدا هەست دەکەن ناتوانن پێکەوە کاربکەن بەڵکو بەدوو بەرنامەوە درێژە بەخەبات دەدەن، ئەوە خراپە کە لەنێو تشکیلاتێکى سیاسیدا یەکێک ڕێگاى پێچەوانە بگرێت، ئەوەى کە ئێمە دەیبینین هیچیان ڕێگاى پێچەوانەیان نەگرتووە، هەمویان لەو ڕێگایەوە دەڕۆن کە بەرژەوەندى خەڵکى تێدایە و بۆ بەدیهێنانى ئاواتى خەڵکەکەیان هەوڵ دەدەن، بەڵام لەوانەیە هەرکام لەحزبەکان بۆگەیشتن بەئاواتەکانیان رێگایەکى تایبەت بەخۆیان هەبێت.
دیارە هەموو حزبەکان خۆشىو خۆشگوزەرانى جەماوەریان دەوێت، بەڵام هەرکامیان بەبەرنامەى خۆیانەوە. ئەوەى کەمن پێموایە دەبێت زۆتر باسى بکەینو ئەویکە ئەگەر کۆمەڵێک نەیانتوانى پێکەوە لەسەر یەک بەرنامە کاربکەن ئایا دەبێت دوژمنایەتى یەکتر بکەن؟ یان ئەویکە بۆچى ئینشقاقەکان لەنێو حزبە کوردیەکاندا توشى شەڕدەبێت؟ ئەوە بۆمن گرنگە نەک ئەویکە جیابوونەوەیەک رووبدات. ئەگەریش رەخنەیەک لەسەر ئینشقاقەکان هەبێت لەسەرداواى ئینشقاقەکانە بۆنمونە حزبى دیموکراتى کوردستانی کە 14مانگ لەمەوپێش جیابووەوە هەڵسوکەوتى دور لەئەخلاقى ئینسانىو ئەخلاقى کوردانەى لەگەڵداکرا.

ئاسۆ: ئایا ئێوە پێتان وایە بەم جۆرە کارکردنەى حزبەکانى کوردستانى رۆژهەڵات دەتوانن ئالترناتیڤێکى باش بن بۆدوارۆژى کوردستانى ئێران؟

رەزا کەعبى: یەکێک لەموناقەشەکانى ئێمە لەدووساڵى رابردوودا ئەمە بوو پێمان وابوو حزبایەتى لەکوردستان تووشى قەیران بووە. بەدەر لەوەى کەئێمە سەبارەت بەیەکتر چى دەلێن، راستیەکە ئەوەیە کەدیاردەى حزبایەتى هاتوتە ژێر پرسیارەوە. ئەو سیستەمى کەئێمە لەحزبەکانماندا پێڕەوى دەکەین بۆسەدەى بیست باش بۆ هەربۆیە پێموایە بەراستى ئەم جۆرەحزبایەتیە بەهیچ شێوەیەک سەرکەوتوو نابێت. کاتێک کەحزبێکى چەپو شۆڕشگێڕ گەیشتوتە دەسەڵات فاسید بووەو ئەمەش ناگەڕێتەوە بۆبیرکردنەوەى تاکەکان بەڵکو پەیوەندى بەخودى سیستمەکەوە هەیە. من لەکۆنگرەى 11ش باسمکرد کەئێمە هەم وەک حزبێکى چەپ لەقەیرانداین، هەمیش وەک حزبێکى کوردى.
دیارە سیستمێکى دیکەش نیە واتە مرۆڤایەتىو زانستى مرۆڤەکان لەکارى حزبایەتی شتێکى ترى نەداوە بەدەستەوەو هەرئەو سانتراڵیزمى دیموکراتیکەیە، مەگەر ئەویکە ئەوحزبە بۆخۆى بتوانێت پێوەندیەکى دروست لەنێوان ناوەندو دیموکراسیەکەدا پێک بێنێت.
من باسى خۆمان دەکەم ئەندام لەکۆمەڵەدا ئەگەر شانسى هێنابێت، شهیدنەکرابێت ئەوا بىَ ئابڕوکراوەو بەزۆر دیاردەى دزێو تاوانبارکراوە لەهەموو ئینشقاقەکاندا.
ئەوەى ئەمجارە ئەو کارەساتەى لەناو ئێمەدا رویداو هەموتان ئاگادارى بوون باوەڕبکەن لە ساڵى 2000 دەکرا لەوە خراپتربێت. ساڵى 1990 کەکۆمۆنیسزمى کریکارى پێدا بۆ ئەوکات منو کاک حەسەن رەحمان پەنا لەبەرەیەکدابووین راستیەکە ئەوەیە ئەگەر کوردستانى عیراق لەو سەردەمەدا ئازادبووایە دەتوانم بڵێم تەقەى تێدادەکرا، بۆیە ئەم حزبایەتیە دەبێت بگۆڕدرێت ئێمە وەک چەپ کەئێستاش خۆمان بەرەوتێکى چەپى شۆڕشگێڕ دەزانین بەراستى دەبێت کۆڵێک گۆڕان لەخۆماندا پێک بێنین. ئەویکە کاک حەسەن وتى کەلەساڵى 2000 ئێمە جیاوازى فکریمان هەبووو بەراستى وایە ئێمە خوێندنەوەیەکى دیکەمان هەیەو پێمان وایە ئەو بنەمافکرییانە هاتونەتە ژێر پرسیار.
لەوانەیە بتوانێت حزبێکى یەک گرتوو بێت لەبارى فکرییەوە بەڵام بەبڕواى من لەپەراوێزدا دەمێننەوە ئەویکە لەکۆمەڵەدا من بینیومە بەراستى 20 ساڵە قەیرانى رێبەرى هەیەو رێبەرى ئاشبەتاڵى کردووە . لەناو هەموو حزبە کوردستانیەکان بەس رێبەرى کۆمەڵە لەسەر جێگاو رێگاى خۆى نەبووەو بەراستى بێگانە بووە لەگەڵ کۆمەڵگاى خۆیدا بۆیە پێم وایە دروست بوونى حزبى کۆمونیست ئێستاش ئاسەوارە خراپەکانى ماوە لەناو مانداو ئەویکە ئێمە دەبێت چى بکەین پێموایە پرسیارێکى زۆر گرنگە کەئەرکى سەرشانمانە وەڵامى پىَ بدەینەوە.
دیارە ئەویکە ئێمە تیۆرێکى نوىَ بۆحزبایەتى دابمەزرێنین پێموانیە کارى ئێمە بێت بەڵام دەتوانین لەگرفتەکانى کەم کەینەوەو ببینە رەوتێکى شۆڕشگێرو ئازادیخواز لەکوردستان کەلەسەر مەسەلە کۆمەڵایەتیەکان وەک مەسەلەى نەتەوەیى وەلامان پىَ بێت بۆیە دەبێت ئەو ئاڵۆگۆڕە بینین.
دەبێت بڵێم بەم وەزعەوە بەراستى ئالتەرناتیڤێکى باش نین. ئێمە هیچکاممان بەتەنیایى کارمان پێناکرێت. دەبێت شەرى ئایدۆلۆژیا لەناو خۆماندا نەهێڵین.

حەسەن رەحمان پەنا: من پێموابێت ئەویکە حزبەکان لەقەیراندان ناتوانێت لێکدانەوەیەکى تەواوبێت حزبێک کە دووینیکە ئینشقاقى کردووە نابێت ئەمڕۆکە قەیرانى هەبێت، ئەگەر ئەوە بێت دیارە دەبێت بزانێت بارودۆخى چۆنە چونکە خۆى حزبێک کەجیا دەبێتەوە دەبێت یەکگرتووتربێت رێکو پێکتربێت بۆیە هاتوتە دەرەوە پێشموایە جیابوونەوە خۆى لەخۆیدا ناتوانێت کارەسات بێت جارى وایە ئینشقاق ئەگەرنەبێتو تەشکیلات لەناو ببات ئەوەکارەساتە.
جارى وایە رۆیشتنى خەتێکى خراپ دەتوانێت بەر بەکارەسات بگرێت. بەباوەڕى من ئینشقاقى ساڵى 2000 ئێمە ئەوە بۆ.
ئەولایەنەى کەکاک رەزاو ئەوان بوون رۆیشتنو بەو بارودۆخەى کەدواتر هاتەپێشەوە بەراستى بەقازانجى ئێمە بۆ، مەبەستم ئەوەیە ئەگەر هەموومان بەرەو ئەوە برۆشتینایە کارەساتەکە گەورەتر دەبوو هەتا ئەوەى کە لایەنێک لەسەر رێبازى کوَمەلە و ئارمانى کۆمەڵە مایەوەو بەرگرى لێکرد.

شەماڵ پێران: پێموایە بەم شێوەکارکردنە دوارۆژى حزبەکانى کوردستانى رۆژهەڵات تاریکەو بەدڵنیاییەوە دوارۆژى باشیان نابێت.
کلتورى حزبایەتى لەخوَرهەلات زۆر جیاوازە لەگەڵ کلتورى حزبایەتى لەرۆژئاوا. رۆحى حزبایەتى لەخۆرهەڵاتى ناوەڕاست رۆحێکى خۆبەزل زانە بەڵام لەرۆژئاوا وانیە بەڵکو چى لەبەرژەوەندى خەڵکەکەیاندا بێت ئەوە دەکەن هێزەسیاسیەکانى رۆژهەڵات دەتوانین بکەین بەدوو بەش بەشێکى ناسیۆنالیستەو بەشێکى چەپە واتە جیاوازى ئایدۆلۆژیا تارادەیەکى زۆر کاریگەرى هەبووە لەسەر دورخستنەوەى هێزە سیاسیەکانى کوردستانى رۆژهەڵات لەیەکتر.
لەوەڵامى پرسیارەکەى جەنابیشتا وەک پێشتر ئاماژەم پێدا بارودۆخى بزوتنەوەى سیاسى لەرۆژهەڵاتى کوردستان لەرووى رێکخستنەوە زۆر شپرزەیە.

بەهرۆز ئەردەڵان: بەراى من مەسەلەى هەنوکەیى ئیران بەقۆناغێکى زۆر هەستیاردا تێدەپەڕێت چونکە گەڵاڵەى ئەتۆمى ئێران زەق کراوەتەوە، مەسەلەى مافى مرۆڤ، گرانىو هەروەها ناڕەزایەتى جەماوەر بەشێوەیەکى بەرچاو باسى لێدەکرێت هەربۆیە ئێمە دەتوانین کەڵک لەمانەوە وەربگرینو لەم پێوەندەدا کاربکەین بۆرێکخستنى جەماوەرى بەڵام بەداخێکى زۆرگرانەوە حزبەکان هەموو هێزى خۆیان خستۆتە کار بۆ تواندنەوەى یەکتر ئەوە ئێمە ئێستا سىَ کۆمەڵەمان هەیە، دوو دانە حزبى دیموکرات هەیە ئەمانە بەداخەوە لەجیاتى رێکخستنى تەشکیلاتى خۆیان هەموو هێزیان تەرخان کردووە بۆ تاوانبارکردنى یەکتر.
کاکە حەسەن دەڵێت ناسیۆنالیستەکان چیان کردووە؟ لەساڵى 89ەوە کەیەکێتى سۆڤیەت رووخاو ئەم وڵاتانە پێکهاتن قۆناغێکى ناسیۆنالیستى هاتە ئاراوە هەرئەمەش بوو کەگەشەى دا بەهەستى ناسیۆنالیستى من پێموایە رەورەوەى دیموکراسى دەتوانێت حەزمەت بەکۆمەڵگاى هەموو بەشەکانى کوردستان بکات. دەتوانین خاوەن پلاتفۆرمێک بین کە تیایدا هەموو ئەم پێکهاتانەى کوردستان بەچەپەوەو بەراستەوە بێنە میدانەوەو بەیەک ئامانج کەئەویش رزگارى نەتەوەیى بێت کاربکەن، بەڵام ئەگەر ئێمە دابەشمان کرد بەچینى سەرمایەدارو چینى کرێکار دیارە دژایەتێک لەناو کۆمەڵگادا دروست دەبێت، چونکە کۆمەڵگامان کردۆتە دووبەشەوە کاتێک ئێمە دەستى سەرمایەدار ببڕین واتە نیوەى کۆمەڵگا دەبێت بمرن لەبرسیدا یان دیکتاتۆرى پولوریتاریا بینین خۆ هەمووان دەزانین ئەم ئەزمونە شکستى خوارد بۆیە پێموایە بەم قەوارەوە کەئێستا هەمانە ناتوانین بەهیچ شێوەیەک کاربکەین لەپێناو ئامانجەکانى خەڵکى کوردستان بێجگە لەوەى کەئەوانیش لەیەکتر دوردەخەینەوە.
جالەبەر ئەوە دەبێت ئێمە هێزوو تواناکانمان بەگەرخەینو وازبێنین لەهەندێک شت کەخزمەت بەئامانجەکانمان ناکات چونکە تەنیا خزمەتێک کەئێستا خەڵکى کوردستان نیازى پێیەتى راگەیاندنیکی هاوبەشە.
زۆرسیرە بۆپێکهێنانى بەرەیەکى کوردستانى، حزبى دیموکرات دەلێت ئەگەر بەرانبەرەکەم بێت من نایەم. کۆمەڵە دەلێت ئەگەر کۆمەڵەکەى تربێت ئێمە بەشدارنابین بەداخەوە هەندێک مەرج دادەنێن.

عوسمان جەعفەرى: ئێمە هیچ بەرنامەیەک کەبۆخەڵک تىَ بکۆشێت رەدى ناکەینەوە بەڵام ئەمە راستیەکە کەئایا ئێمە دەمانەوێت سیری جیهان بکەین یان نا؟ دەمانەوێت تەماشاى راستى کۆمەڵگاى خۆمان بکەن یان نا؟ لەمن پرسیار بکەن دەڵێم ناسیۆنالیستى خاڵى ناتوانێت سەرکەوتن بۆخەڵک دەستەبەر بکات، چەپیش بەتەنیا ناتوانێت چونکە ئەگەر ئێستا ناسیۆنالیستەکان باسى کوردایەتیان لىَ بستێنینەوە چیان پێیە بۆکۆمەڵگا؟
ئەگەر خواستى ئێمە بەس کوردایەتیە بەراستى ئەوە دەسەلمێنێت کەپرۆگرامى زۆرمان نیە چونکە نەپرۆگرامى کۆمەڵایەتیمان دیارە نەپرۆگرامى سیاسیمان دیارە بۆدوارۆژ نەپرۆگرامى ئابورییمان دیارە. ئێستا لەسەدا 70% خەڵکى کوردستان گەنجنو هەرئەم 70%ە گۆڕانکارى دەوێت، دایکو بابى من گۆڕانکارى یان ناوێت، ئەم حزبانە بۆئەو 70% چیان پێیە؟ بۆیە ئەمڕۆکە هیچ حزبێک ناتوانێت بڵێت من پرۆگرامێکى تەواوم پێیە بۆئەم خەڵکە لەوانەیە چەند حزبێک پێکەوە بتوانن شتێک بکەن بەڵام دیسان ئەوەش کەمو کوڕى خۆى هەیە چونکە بەرنامە سیاسیەکە بەراستى روون نیە.
ئەمڕۆکە کێشەکان کێشەى ژنە، کێشەى لاوانو ژینگە بەراستى حزبە نەتەوەییەکان چیان پێیە یان چەپەکان چیان پێیە؟ بەراستى ئێمە شتى تازەمان نیە، خوێندنەوەى تازەمان نیە بۆیە بەسیاسەتو بەڵێنەکانى ئەمریکا فریومان خواردووە.
بەراستى پرسیار ئەوەیە کەوتاری حزبەکان بۆکێیە؟ لەبیرمە ساڵى 2005 بۆکۆبونەوەیەک لەنێوان ئێمەو کۆمەڵەى زەحمەتکێشان لەوىَ وتم خەڵک لەپیشەوەى حزبەکانن کاک عومەر دەنگى بەرزکردەوە وتى: قەت وانیە. بەڕاستى ئەمڕٍۆکە حزبەکان پێشەنگن؟ خەڵک بەقسەى ئێمە کاردەکەن؟ قەت شتى وانیە، یەکێکیش دەکوژریت هەر زوو دەیکەین بەهى خۆمان.

کەمال کەریمى: بەراستى پێش ئەوەى کە وەڵامى پرسیارەکەى جەنابت بدەمەوە بەپێویستى دەزانم ئاماژە بەهەندێک لەقسەکانى کاک عوسمان بکەم.. من ناڵێم حزبى دیموکرات بەڵام هەر نەبێت کۆمەڵە هەمووکاتێک باسى لەوەکردووە کە پێشەنگى بەرنامەدانان بۆوە بۆکارى رێکخراوەیى ژنانو بەڵگەشى ئەوەیە کەتوانیویەتى ژنان لەناوخۆیدا زۆر کۆبکاتەوە کەوابوو بەرنامەى هەبووە وانیە ئەگەر دروشمى نەتەوەیى لەحزبەکان بسەنینەوە هیچ شتێکیان نیە من پێموایە هەرکام لەحزبەکان بەرنامەى خۆیان هەبوە چونکە بەراستى ناتوانن بىَ بەرنامە بوبێتن. حزبى دیموکراتى کوردستان لە 35 ساڵ لەمەوپێشەوە بەرنامەیەکى گەڵاڵەکراوى هەیە لە بارى کلتورى، کۆمەڵایەتى، خوێندن، پەروەردەو ئەگەر کاک عوسمان نەیبینوە ئەوە من نازانم. حزب ئەگەر حزب بێت دەبێت بەرچاوى روون بێت بۆداوارۆژ.
بۆوەڵامى پرسیارەکەى جەنابتان من دەڵێم هیچ حزبێک لەکوردستانى رۆژهەڵاتدا ناتوانێت ئاڵتەرناتیڤێک بێت بۆئەو بارودۆخە. دیارەبوونى ئاڵترناتیڤێک تەنیابوونى بەرنامەنیە، لەوانەیە حزبى دیموکراتى کوردستان بەرنامەیەکى زۆرباشى هەبێت، بەڵام ئایا ئەم بەرنامەیە دەتوانێت ببێتە بەرنامەیەک بۆ زۆربەى کۆمەڵانى خەڵکى کوردستان؟ ئەگەر وەڵامەکە بەڵێیە وتووانی پشتیوانى زۆربەى خەڵک بەدەست بهێنێت دیارە دەبێتە ئاڵترناتیڤ، بەڵام ئێمە ئێستا نەکەوتوینەتە ئەو قۆناغە، کەبزانین ئایا ئەو بەرنامەى کەئێمە پێشنیارى دەکەین بەشى زۆرى خەڵکى کوردستانى لەگەڵدایە یان نا ئێمە لەقۆناغێکى تردا قسەدەکەین.
بەڵام کاتێک دێینەسەر باسى حزبەکانى کوردستان کەئایا ئێمە ئاڵترناتیڤێکى پۆزەتیڤین؟ ئایا بەم چەشنە دەتوانین بچینەوە بۆکوردستان؟ لێرەدا باسى تاکە حزبو بەرنامەى تاکە حزب نیە، بەڵکو باسى بەرنامەى گشتىو چۆنیەتى پێکەوەبوونو هاوئاهەنگى کەپێویستە لەنێوانماندا هەبێت بۆ گەیشتن بەو ئالترناتیڤە بۆزەتیڤە کەمن لێرەدا دەڵێم بەداخەوە وەڵامەکەم نایە.
کەواتە ئەمە هیچ پێوەندێکى بەئایدۆلۆژیاوە نیە، لەوانەیە حزبێکى ئیسلامى لەگەڵ حزبێکى کۆمۆنیست لەسەر هەندێک بەرنامەى هاوبەش رێک کەون کەئەمەشتێکى سەیرنیە ئەوەى کە ئێمە نیمانە بەداخەوە یەک شتە ئەویش ئەوەیە بەراستى ئەوبەشى کەهى هەموانە بەهى هەموانى بزانین.
بەراستى ئێمە حزبەکان وابیرناکەینەوە کەچەندە ماف دەدەین بەخۆمان ئەوەندەش ماف بدەین بەو حزبانەى کەساڵەهاى ساڵە شان بەشانى ئێمە خەبات دەکەنو لەم رێگایەدا شەهیدیان داوەو ماندووبونیان چەشتووە. بەبڕواى من ئەگرە بڕیارە رۆژێک بیرلەوەبکەینەوە کەئێمە کاریگەریمان هەبێت لەسەر ئاڵۆگۆڕەکان بۆئەوەى کە بچینەوە بۆکوردستان واتە قۆناغى خەبات بگوازینەوە بۆناوەوەى کوردستانى رۆژهەڵات یان دەبێت بەتەماى خواو ئەمریکابین کە زۆرکەس بەتەمان یان ئەوەى کەپێویستە کارێک بکەین واتە پێویستە بەتەفاهوم بگەین ئەم تەفاهوومە بەبڕواى من لەوانەیە زۆرکەم بێت بەڵام ئەم کەمەش پێویستە چونکە بەهیچ شێوەیەک لەوباوەڕدانیم ئێمە بتوانین تەفاهوم لەسەر شتە گشتیەکان بکەین هەڵبەتە لەم قۆناغەدا.

ئاسۆ: تائێٍستا هەرکات حزبێک لەحزبەکانى کوردستانى رۆژهەڵات کۆنگرە بەستەبێت لەدواى کۆنگرەکە باسى لەسەر کەوتوویى کۆنگرەکەیان کردووە، هیچ کات نەمانبینىو نەشمان بیست حزبێک کۆنگرە ببەستێتو دواى کۆنگرە بڵێت ئێمە لەم کۆنگرەدا باسمان لەهەڵەکانمان کردووە یان کۆنگرەکەمان ئەم هەڵانەى تێدابووە، بەڵام کاتێک کەسەیرى دواى کۆنگرەى حزبەکان دەکەین ئەوەمان بۆدەردەکەوێت کەزۆربەى جیابوونەوەکان یاخود دروستبوونى باڵەکان لەدواى کۆنگرەکاندا سەرهەڵئەدەن ئێوە ئەمە چۆن دەبینن؟
حەسەن رەحمان پەنا: من پێمواێە هۆکارى سەرەکیەکەى دەگەڕێتەوە بۆجۆرێک لەداخراوى لەحزبەکاندا، بەومانەیەى کەزۆرشت لەناو حزبەکاندا روودەدات بەڵام کۆمەڵگا ئاگادارنیە وەخەڵکیش نازانن لەحزبەکەدا کێشەهەیە چونکە کێشەکان دەشارنەوە بۆیە ئەگەر لەحزبێکدا قسە لەسەر رونکردنەوەو شەفافیەت کرابىَ دەبێت بەئاسایى وەربگیرێت ئێمە خۆمان هەوڵمانداوە بەراستى وابین لەهەر دووجیابوونەوەکانیشدا چ لەجیابوونەوەى کومونیزمى کرێکارىو چ لەجیابونەوەکەى ساڵى 2000 کەکاک رەزاش یەکێک لەوانە بۆ پێمان راگەیاندن کەبەمیننەوەو قسەکانیان بکەن بۆئەوەى کە کۆمەڵگاى لىَ ئاگاداربێت، بەڵام پەنجا پەنجایەک کەئەوان داوایان دەکردو بەهیچى تر رازى نەدەبوون سەرەڕاى ئەوەیکە لەهەموو بوارێکدا کەمایەتى بوون دیارە ناشەفافیەتێک دروست دەکاتو جارى واش هەیە بۆکۆکردنەوەى هێز راستیەکان بەجەماوەر ناڵێن.

ئاسۆ: باشە جەنابتان وەک ئەندامى دەستەى رێبەرى کۆمەڵە پێت وانیە لەکۆنگرەکانتاندا گرفت هەبوبێت؟
حەسەن رەحمان پەنا: تائەو جێگایەى بەئێمە دەگەڕێتەوە پێموانیە هیچ کێشەیەکمان هەبووبێت. ئێستا لەناو ئێمەدا ژمارەیەک رەفیق هەن کەلەکۆمیتە ناوەندیدا 3 کەسنو لەگەڵ زۆربەى رۆژنامەکانیشدا چاوپێکەوتنیان کردووەو تائێستا ئێمە بەهیچ شێوەیەک ئاستەنگ نەبووین لەبەردەمیاندا لەهیچ کۆنگرەو کۆنفرانسێکدا گوشارنەخراوەتە سەریان بۆئەویکە خۆیان هەڵنەبژێرن و یان خود قسەکانیان نەکەن بەڕاستى من کێشەیەک نابینم، ئێمە هەوڵمانداوە زۆررترین بوار بڕەخسێنین بۆ کەسێک لەناو تەشیکلاتى ئێمەدا کە ئەگەر لەبارى فیکرییەوە لەگەڵ خەتى گشتى نایتەوە بەڕاشکاوى ڕایگەێنێت کە من ئەو خەتە گشتییەم قبوڵ نییە. ئێمە هەوڵمانداوە لەگەڵ ئەو هاوڕێیانەش کە تکایە پلاتفۆرمەکەتان ئاشکرابکەن بۆ کۆمەڵگا با ڕاى لەسەر بدرێت، چونکە پێمانوایە هەر حزبیک کە خۆى بە حزبێکى کۆمۆنیست بزانێت نابێت وا بیرنەکاتەوە ئەگەر وابێت، دەبێتە ئەو کۆمۆنیستەى کە کاک عوسمان باسى دەکات.

ئاسۆ: زۆربەى حزبە سیاسییەکانى کوردستانى ڕۆژهەڵات خاوەنى تەلەفزیۆنى خۆیانن، ئایا لە هەلومەرجى ئێستاى ئێراندا ئەو تەلەفزیۆنانە توانیویانە ئامانجەکانییان بپێکن یان خود پێتانوایە ئەم کەناڵانانە بەڕاستى دەنگى خەڵکى کوردستانى ڕۆژهەڵاتن؟
ڕەزا کەعبى: ئەویکەى بڵێم ئەرکى خۆیان بەجآ هێناوە یان نا پێموایە کەم تا کورتییەک بەڵێ، چونکە تەلەفزیۆن لە ژیانى حزبایەتیدا شتێکى نوێیە و جیاوازى زۆرە لەگەڵ گۆڤار و ڕۆژنامەدا. دیارە بەهۆى تەلەفزیۆنەوە ئێمە دەتوانین ڕۆژانە بچینە ناو هەزاران بنەماڵەوە و وەک وتەبێژێکى حزب قسە لەگەڵ جەماوەردا بکەیت کە ئەمەش بەڕاستى کارێکى ئاسان نییە، چونکە ئێواران کاتێک خەڵک دەچنەوە بۆ ماڵەوە لە مامۆستاى زانکۆوە کرێکار، خوێندکارى زانکۆ، ژانان کاتێک بەرانبەر بە شاشەکە دادەنیشین زۆر گرنگە هەموویان ڕازى بکەیت، پێموایە ئەم تەلەفزیۆنانە پێشڕەوبوون و کاریگەرى پۆزتیڤیان هەبووە دیارە تەلەفزیۆنى کۆمەڵە هەیە، تیشک هەیە، کورد کاناڵ هەیە و ڕۆژهەڵات هەیە کە دەتوانم بە جیا لەسەریان بدوێین، چونکە تایبەتمەندى خۆیانیان هەیە، بەڵام من بۆ خۆم بۆچونێکم هەیە ئەوکاتەى کە ڕۆژهەڵات تیڤیمان دانا پێموابێت لە دەمانگى یەکەمیدا زۆر سەرکەوتوو بوو کە ئەویش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەیکەى کە زۆرهەوڵماندا حزبى نەبێت و هەموو کەس بتوانێت تیدا بەشداربێت و قسەى خۆى بکات. بۆیە پێموایە ئەگەر تەلەفزیۆنەکان ئەوخاڵە لەبەرچاوبگرن سەرکەوتوودەبن.
کاتێک تەماشاى تیشک تى ڤى دەکەین دەگەینە ئەو قەناعەتەى کە بەڕاستى کارمەندەکانى ماندودەبن و هەوڵى زۆریش دەدەن کە من ماندونەبونیان پێدەڵێم، بەڵام لەهەمانکاتیشدا هەست دەکەیت کە زۆر حزبیە. لەکۆتایدا دەڵێم ئەگەر بتوانین تەلەفزیۆنێک کە حزبى نەبێت و خۆى لە چوارچێوەى ئایدیۆلۆژیدا نەبینێتەوە هەمانبێت دیارە لەم قۆناغەدا کاریگەرى یەکجار زۆرى دەبێت.ئێستا بەڕاستى من ئەو دوو سآ تەلەفزیۆنە وانابینم.

حەسەن ڕەحمان پەنا: من باسى ئەزموونى خۆمان دەکەم دیارە بۆ ئێمە کارێکى تازە بۆ، بەڵام بە نیسبەت تازەبوون و ئەو ئیمکاناتەکەمە و هەژارى پێموایە توانیومانە بچێتە پێشەوە و گەشەکەشى دەگەڕێتەوە بۆ ئەو کاریگەرییەى کە لەناو کۆمەڵگادا هەیەتى و ڕۆژانەپێمان دەگات. لە ڕویەکى ترەوە پێموایە ئەم تەلەفزیۆنانە چوونەتە شەڕێکى تازەوە واتە ئێمە کە تا دوێنێکە شەڕى پارتیزانیمان دەکرد ئێستا لە ئاستێکدایە کە کۆمارى ئیسلامى زۆرپێ ناڕەحەتە بەشێوەیەک کە لە زۆربەى شارەکانى کوردستانى ڕۆژهەڵات ڕژێم تەشویشى خستۆتە سەر کە ئەمەش دەگرێتەوە بۆ ئەو ترسەى کۆمارى ئیسلامى لەو شتە تازەیەى کەپێ سپێندراوە. ئەو بیرى لەوە نەدەکردەوە لەم بوارەدا، ئۆپۆزسیۆنێک کە لەدەرەوەى وڵاتەوە پێیوایە کە لەناوى بردوون و ڕۆژ هەتا ئێوارە دەڵێت نەماون ئێستا لە ئاستى چەند تەلەفزیۆنێک خەریکن چالاکى دەکەن. بۆیە پێموایە ئەمە دەستکەوتێکى باشە و کاریگەرى زۆریشى هەبووە لەسەر خۆمان و هەروەها لە سەر گەشەى سیاسى و ڕێکخستنی چالاکى ناوەوە.
بۆیە لەوانەیە من لەگەڵ ئەو ڕەخنەى کاک ڕەزا نەبم، چونکە ئەمە ڕاستییە کە هەر تەلەفزیۆنێک ڕەندانەوەى فیکرى ئەو لایەنەیە کە دایمەزراندووە و هەوڵێش دەدات ئەو ئامانجە و ئەو بیروباوەڕەى کە هەیەتى بیباتە ناو کۆمەڵگاوە، بەڵام لەپەناى ئەوەشدا ئێمە پیروزمانم نەکردۆتەوە بەشتى حزبى، زۆرجار حزبەکان، ڕوناکبیران و خەڵکى تریشمان بانگکردووە وکەڵکیشمان لێ وەرگرتوون. دیارە دەبێت ئەمەش نەشارینەوە کە ئەم تەلەفزیۆنانە لەشوێنى کارى خۆیان دورن و دەستیان ئاوەلە نییە بۆ ئەوەی کە چالاکانى بوارە جیاجیاکان لە ناوەوە بێنن ودەنگ و ڕەنگى ئەوانیش بێت کە ئەمە هۆکارەکەشى دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە کۆمارى ئیسلامى ئەو بوارە نادات، بەڵام لە کۆتایدا دڵێم ئەمە سەرکەوتنێکى تازە و شەڕێکى تازەیە لەگەڵ کۆمارى ئیسلامى ئێران.

بەهرۆز ئەردەڵان: دیارە ئێمە تەلەفزیۆنمان نییە، بەڵام بە نیسبەت کورد کانالەوە تائێستا بەرنامەکانى لە قۆناغى تێستدایە و ناتوانین بەرواردى تەواوى بکەین، بەڵام بە نیسبەت تیشک و ڕۆژهەڵات و کۆمەڵەوە خزمەتى بەرچاویان کردووە و هەرچەندە ئەو تەلەفزیۆنانە دەنگدانەوەى ڕاى حزبەکانى خۆیانە، بۆیە من داوایان لێدەکەم مەسرەفێکى زۆریان تیاکردووە دەبێت بەرنامەکانیان چڕوپڕکەنەوە لە پەیوەند لەگەڵ ئەو مەسەلە گرنگانە کەلە کۆمەڵگادا ڕوودەدەن.

شەماڵ پیران: تەلەفزیۆن کە دەزگایەکى ڕاگەیاندنى پێشکەوتووە بۆ قۆناغى ئێستاى ئێمە زۆر پێویستە. پێموایە لەڕووى زەمەنەوە و لەڕووى ئەو بارودۆخەى ئێستا تێیداین بەڕاستى جارآ زۆر زووە هەڵیانسەنگێنین، بەڵام پێموایە پێشکەوتنى باشیان بەدەستهێناوە و کاریگەرى زۆر باشیشیان هەبووە لەگەڵ ئەوەشدا کە کەموکوڕیشیان هەبووە کە ئەو کەموکوڕیانەش بە هۆى ساوابوونى تەلەفزیۆنى کوردییەوە شتێکى ئاساییە.

عوسمان جەعفەرى: ئەمە جێگاى دڵخۆشى و دەستخۆشییە، بەڵام بەڕاى من ئەرکى خۆیان جێبەجێنەکردووە، چونکە ئیمکاناتیان زۆر کەمە لەبارەى فەنییەوە، پێموایە بەو شێوەی کەدەبێت بەدواى ڕووداوەکاندا بگرین و بەشێوەیەکى زۆر زانستییانە کاربکەن وانین کە ئەمەش دوو هۆکارى هەیە یەکەمیان لاوازبوونى بارى داراییە و دووهەمیشیان کەمتەرخەمى خۆیانە. ئێمە ئێستا لە کوردستاندا ئنسانى ئەکادیمى زۆر بە توانامان هەیە کە بەداخەوە کەڵکیان لێ وەرناگیرێت و زۆرتر ئەندامانى خۆیانن.

کەمال کەریمى: بەبڕواى من دەستکەوتێکى گەورە بۆ، بەڵام حزبێک کە تەلەفزیۆنێک دادەنێت بەداخەوە لەپێشدا بیر لە حزبەکەى خۆى دەکاتەوە و لە چوارچێوەى ئەوەشدا مەسەلە گشتییەکانى تر باس دەکات، پێموایە دەکرێت تەلەفزیۆنەکان لەوە زیاتر گەشەبکەن. تەلەفزیۆنێکى کوردى ئەگەر حزبیش بێت دەبێت هەوڵبدات ڕەنگدانەوەى هەمو بۆچوونەکان بێت و ئەوکات دەتوانێت کاریگەرى زۆرتربێت.
بەڕاستى تەلەفزیۆن ئیمکاناتێکى زۆرى دەوێت ئێمە هەتا ئێستاش کە دەستمانکردووە بە بڵاوکردنەوەى بەرنامە تەنیا و تەنیا پشتمان بە گیرفانى ئەندامەکانى حزب بووە، دیارە ئەگەر ئیمکانات هەبێت ڕەنگە ئەوەى کە کاک عوسمان باسیکرد جێبەجێبکرێت. سەرەڕاى ئەو هەموو گیروگرفتانەش پێموایە تەلەفزیۆنەکان دەورێکى زۆر باشیان هەبووە، لانى کەم خەڵکێکى زۆریان کۆکردۆتەوە و هەر ئەوەندەى کە قسە و باسەکانى شەو بە ڕۆژدا دەچنە ناو بازاڕ و ئیدارەکان و قوتابخانەکان بۆ خۆى یارمەتییەکى باشى داوە بۆ ئاگادارکردنەوەى خەڵک لەو شتانەى کە کۆمارى ئیسلامى بەردەوام چەواشەى دەکات.

ئاسۆ: ئێستا لە کوردستانى ڕۆژهەڵات کۆمەڵێک ڕێکخراو و (NJO) و تەنانەت حزبیش دروستبوون ئایا ئەمانە نابنە کۆسپێک بۆ ئەو بەرنامانەى کە ئێوە داتانڕشتووە بۆ ئەو کاتەى کە دەگەڕێنەوە بۆ کوردستانى ڕۆژهەڵات؟
بەهرۆز ئەردەڵان: دیارە کۆمەڵگەى کوردستان بە هەموو پێکهاتەکانییەوە جوانە، بە دیموکراتەوە بە کۆمەڵەکانەوە بە سازمانى خەباتەوە، بە یەکێتى دیموکراتەوە تەنانەت بە پژاکیشەوە جوانە و بەو هێزانەى کە ئێستا لە کوردستانى ئێران خەڵک هاندەدەن بۆ دەنگدان بەوانیشەوە جوانە، مەبەستى ئێمە ئەوە نییە بگەڕینەوە بۆ کوردستان و دەسەڵات بە دەستەوە بگرین ئێمە تەنیا لەپێناو ئامانجێکدا دروست بووین کە خزمەتە بە کۆمەڵگاى کوردى و پێشموایە ئەوە جەماوەرە دیاریدەکات کآ دەتوانێت بەڕێوەبەرى ئەو کۆمەڵگایەبێت. ئێستا قۆناغەکان گۆڕاون، دونیا، دونیاى مۆدێرنیتەیە و خەڵک ئەو حزبانە هەڵدەبژێرن کە بەڕاستى بەرنامەیان پێیە. ئێمە هیچ ڕێکخراوێک بە کۆسپ لەبەرانبەر خۆماندا نازانین هەرچەندە ئێمە لەگەڵ ئەو ڕێکخراوانەى ناو ئێران پەیوەندییەکمان نییە و بە ڕەسمیشیان ناناسین و پێمانوایە تەنیا کاریان چەواشەکردنى خەڵکە.

حەسەن ڕەحمان پەنا: کۆمەڵگاى کوردستان دەبێت وەکو هەموو کۆمەڵگاکانى تر چاوى لێ بکرێت. کۆمەڵگایەکى چینایەتییە و زۆر ئاساییە هەر چینێک هەوڵبدات بۆ دروستکردنى ڕێکخراوێک بۆ خۆى. ئێستا ئەگەر نییە هۆکارەکەى ئەوەیە کە کۆمارى ئیسلامى ناهێڵێت و ئەگەر بچووکترین هەلیان بۆ هەڵکەوێـت بە دڵنیاییەوە دەڵێم بە دەیان حزب و ڕێکخراوى جۆراوجۆر دروست دەبێت. ڕێکخراوى لاوان دروست دەبێت، ڕێکخراوى ژنان، ڕێکخراوى کرێکارى، حزبى سیاسى تر دروست دەبێت کە ئەمانە بە کۆسپ و دوژمنى خۆمانیان نازانین و پێمانوایە ئەمە پێویستى کۆمەڵگاى ئازادە.
ئەوەیکە ئێستا لە کوردستاندا هەیە دوو بەشن، بەشێکى ئەوانەن کە سەر بە دەوڵەتن، لەوانەیە کەسانێکى باشیشیان تێدابێت، لەوانەیە پێیانوابێت لەو ڕێگایەوە دەتوانن یارمەتى مەسەلەى کوردى بکەن و یان ئەو زوڵم و زۆرە کەم دەکەنەوە، بەڵام هەر ئەوەندەى کە کۆمارى ئیسلامى ئەمانەى کۆنترۆڵ کردووە و لەژێر دەستی دان و تەنانەت کاریان پێ دەکات و بەشێوەیەک هەوڵدەدات بیانکات بە بەدیلێک بۆ حزبە سەرەکییەکان بۆیە بە ڕەوتێکى پاکیان نازانین ،بەشەکەى تر (NGO)کانن کە ئەمانە سایتیان هەیە و بە ئیمکاناتێکى زۆر کەمەوە خەریکن خزمەت دەکەن و پێمانوایە شتێکى باشن کە لە کۆمەڵگاى کوردستاندا دروستبوون جیاواز لەوەى کە سەر بە چ لایەنێکى سیاسییە.
بەنیسبەت دواڕۆژیشەوە کە گەڕاینەوە ئێمە ڕیگرییکمان بۆ هیچ خزبێک لە کوردستاندا نییە، نە لەکەسى قبوڵ دەکەین کە سنوور بۆ ئێمە دیارى بکات و نەخۆشمان سنوور بۆ کەس دادەنێین. بە بڕواى ئێمە حکومەت، حکومەتى جەماوەرە و ئەو جەماوەرەش بڕیاردەدەن بە کامێک لەو حزبانە دەنگدەدەن. دیارە هەرکات ئێمە کەوتینە ئۆپۆزسیۆنەوە ئەوکات بە زوبان و بە قەڵەم چالاکى سیاسیى خۆمان دەکەین، مەگەر زۆرمان بۆبێنن، بۆیە ئەوانە لە دواڕۆژى کوردستاندا بە بەدیلى خۆمانیان نازانین.

ڕەزا کەعبى: لەدواى کۆمارى مەهاباد حزبى دیموکرات تەنیا حزبى سیاسیى کۆمەڵگاى کوردى بوو، بەڵام لەساڵى (57)دا کۆمەڵە سەریهەڵدا و پێموابێت جارێکى تر ئەو سیناریۆیە دووپات نابێتەوە. من ناڵێم حزب دروست نابێت، بەڵام ئاوا زوَ گەشەبکات پێموانییە دووپات بێتەوە. ئێستا بەهۆى ئینتەرنێت و سەتەلایت و تەلەفۆنى مۆبایل و هاتوچۆ دەتوانین لەگەڵ دوورترین شوێندا پەیوەندى بگرین. من زۆر شەو دانیشتوم بە یاهو میسنجەر لەگەڵ شارەکانى ئێراندا قسەدەکەم دیارە کاریگەریمان دەبێت و کاریگەریش دادەنێین.
ڕاستە لە سەقز و سنە نین، بەڵام کاریگەریمان هەیە. ئەگەر تەماشاى ڕەوتى گۆڕانکارییەکان بکەین لە کوردستان ئێران، بە سآ قۆناغ تێپەڕیوە،
قۆناغى یەکەم: دەیەى 60ى هەتاوى کە دەیەى شۆڕشى چەکدارى بوو.
قۆناغى دووەم: دەیەى 70ى هەتاوى دەیى شەکەست و پاشەکەشی چالاکیە
قۆناغى سیهم: دەیى 80ى هەتاوى بەجۆڕێک بۆژانەوى حزبە سیاسیەکانە هەرچەند ئینشقاقى حزبى زۆر تێدابووە.
سەبارەت بە njo کان پێموایە ئەمانە دیاردەیەکى پۆزەتیڤى کۆمەڵایەتین کە بەراى من دەبێت حزبە سیاسیەکان زۆر ژیرانە بتوانن ئەمانە بخەنە ڕێبازى سیاستەکانى خۆیانەوە کۆمەڵگاى کوردستان زۆر ڕێکخراوترە لە کۆمەڵگاى ساڵى 57 هەتاوى، ساڵى 57 بەس حزبایەتى بۆ کە ئێمە ڕوومان تێدەکرد، بەڵام ئێستا وانییە. ئێستا بەهەزاران خوێندکارى کورد هەیە لە زانکۆکانى ئێراندا، پێگەى ژن لە کۆمەڵگادا گۆڕاوە، کۆمەڵگاکە زۆر ڕێکخراوتر بووە هەربویە ئەو ڕێکخراوانە بە کۆسپ نازانم و بە قازانجى حزبەکانیان دەزانم، بەڵام جیاوازیەک هەیە و کە ئەویش ئەوەیە حزبە سیاسییەکان وەک جاران ناتوانن جەماوەر بەلاى خۆیان ڕابکێشن چونکە کۆمەڵگا پێویستى بە سیاستیکی تر، بە لێدوانێکى تر و بە کارێکى گەورەتر هەیە.

کەمال کەریمى: سەرهەڵدانى ئەو ڕێکخراوەانە پێم شتێکى سەیر نییە بەڵًکو ئەویکە گرینگە وجیگاى باس و لێکۆڵینەوەیە ئەویەکە براورددەکریت ئەوان چوون سەر هەڵدەدەن و دینە میدانەوە زۆر بستراوەتەوە بەوەیکە ئەم حزبانەى ئێستا بەرنامەیان چییە بۆئەودەم.
بونموونە ئێستا کوردستانى ڕۆژهەڵات کۆمەلیک ڕێکخراوى ئیسلامى بە شێوەى ئاشکرا و نیوە ئاشکرا چالاکیان هەیە، ئەمەن دەژى بوونى حزبى ئیسلامى نیم، بەلام ئەگەر ئەو حزبە ئیسلامییە ببیتە ئەو حزبە ئیسلامییانەى کە لە دەیەى 90دا لە باشوورى کوردستان دژایەتى بزوتنەوەى کوردیان دەکرد بەناوى ئیسلامەوە، بەبڕواى مەن ڕووبەڕووى حزبە سیاسییەکانى کوردستان دەبنەوە. پێموایە گەورەترین مەترسى لەسەر داهاتى کوردسانى ڕۆژهەڵات ئەویکە حزبێک دروست بەبیت و خوى بە خاوەنى هەموو مافەکان بزانێت و پیوانە دابنیت بۆ چالاکى حزبەکانى تر.
بویەمەن وەک حزبى دیموکراتى کوردستان جەخت دەکین لەسەر ئەویکە لە ئێستاوە دەبیت لە هەموو بووارەکاندا هابیرى و هاوپیمانیمان هەبێت تاکو بتوانم بە شێوەیەکى بەرنامەبودارێژراو ڕووبەڕووى هەموو مەسەلەکانى دووا ڕۆژ بەبینەوە.
دیارە پیشمان وایە تەنیا پیوانەیک بۆئەوى چ حزبێک دەتوانى دەسەڵاتى بەدەستەوە بێت تەنیا راى جەماوەرە.

ئاسۆ: کاتیک سیرى بەرنامەی حزبەکان دەکین خاڵى هاوبەشى زۆر دەبینین، بەڵام زۆر بەکەمى ئەوەبەدى کراوە کە ئەو خاڵە هاوبەشانە بوبێتنە هۆکارێک بۆ لێکنزیک بوونەوەى حزبەکان. لە هەمانکاتدا خاڵە جیاوازەکان کە زۆر کەمیشن زەق کراونەتەوە و حزبەکانى لەیەک دوورخستۆتەوە ئەمە بۆوایە؟
عوسمان جەعفەرى: ئەمڕۆ ئەگەر سەیرى ئەو 9 حزبە سیاسییەى کوردستانى ڕۆژهەڵات کە لە کوردستانى عیراقدان، بکەین بێجگە لە کۆمەڵەى حزبى کۆمۆنیستى ئێران، ستراتیژى ئەوانى تر بۆ داهاتووى کوردستان فدڕالیزمە و هیچ کامیشمان چالاکى سەربازیمان نییە و جەخت لەسەر چالاکى سیاسى دەکەین، ئەى باشە بۆ ناتوانین لەگەڵ یەکدا کارى هاوبەش بەکین؟ قەناعەتت بەبیت ئەگەر ئەو ئینشقاقانە روى نەدای ئێستا ئەم شەش ڕێکخراوە لەگەڵ یەکتردا دانەدەنیشتن، چونکە پێشتر حزبى دموکرات خۆى بە خوواى کوردستان دەزانى. ئێستاش حزبى دمکراتى کوردستانى ئێران هەر وابیر دەکاتەوە لەوانەیە حزبى دیموکراتى کوردستان تۆزێک ئەو بیرکردنەوەیەى وەلانابێت چونکە یەکێک لە قسەکانى ئەوەیە کە مەن لەبەر نەبوونى دیموکراسى هاتومەتە دەرەوە و ئینشقاقەم کردووە ئەگەر ئەمڕۆ ئەو دیموکراسى بونەى خوى لە شتێکى وادا ننونیت دیارە ئەویش دەچێتە ژێر پرسیارەوە. کۆمەڵەى شۆڕشگێڕى زەحمەتکێشان (ڕەوتى ڕیفۆڕم) ئەویش دەڵێت لەبەر نەبوونى دیموکراسى ئینشقاقمان کرد هەروەها ئێمەش. کەواتە مەسەلەکە هەمووى دەگەڕێتەوە بۆ دەسەڵات خووازى و شەڕ بۆ دەسەڵات. ئەگەر بێتو پیوندیان لەگەڵ ئێمەدا خووش بێت و دانمان پیابنێن، وادەزانى لایەنێکى تر لە داهاتووى کوردستاندا بەشی دەبێت و دەسەڵاتەکەى کەم دەکاتەوە.

ڕەزا کەعبى: لەوانەیە بەشى سەرەکى ئەم بابەتە بۆئەوە بگەڕێتەوە کە فرە حزبى لە کوردستان شتێکى تازەیە و مێژویکی وای نییە. ئەگەر سەیرى شەڕە ناوخۆییەکان بکەین ئەگەینە ئەو قەناعەتەى کە یەکێک لە هۆکارەکان ئەوبووە کە حزبێکى سەرەکى نەیویستووە، حزبى تر پەرەبسێنێت.
هەربۆیە هیوادارم هەموومان لە ئەزمونی کۆمەڵگاکانى پێش خۆمان و یاخود ئەو ئەزموونەى کە کۆمەڵگاى جیهانى داویەتى بەدەستەوە بتوانیم ئەم قۆناغە بە عەقڵ و دیالۆگ بە پیشوازى گۆڕانکارییەکانەوە بچین.

حەسەن ڕەحمان پەناە: بەباوەڕى من قیاس خالەکانى ناوبەرنامە نییە، بەڵکو پراتیک کردنى ئەو بەرنامەیە. زۆر حزب هەیە لە بەردامەدا ئاماژەی بەمافى دیارى کردنى چارەنووس کردووە، بەڵام تاچەند باوەڕى پێیەتى و تاچەند کارى بۆدەکات؟ بۆیە پێموابێت بەرنامە زۆر ئەساس نییە بۆ لیکچوون بەڵکو پراتیکەکەیە. خزبێک کە ڕۆژ تا ئێوارە بەخۆى دەڵێت حزبێکى ئدیولوژیاى نییە و لەهەمان کاتیشدا بەخۆى دەڵێ چەپ، من چۆن باوەڕى پێبکەم؟ دەکرێت تۆ ئایدولۆژیت نەبێت، بەڵام چەپ بیت؟ ئایا چەپ ئایدۆلۆژیانیە؟ ئایادین ئایدولۆژیا نیە بۆئەوەى کە بۆچى تەفاهووم پێکنایەت، پێموانییە هۆکارەکەى فرە حزبى بێت.
ئاخەر ئەو لایەنەى کە دەڵێت ئەمریکا بێت و ڕزگارمان بکات، لەگەڵ ئەو لایەنەى کە بەهێزى خەڵک هەوڵ دەدات بۆ ڕزگارى، چۆن دەتوانێ پێکەوە هاوکارى بکەن. لەگەڵ کەسێکدا کە پێى وایە دەبێت بەرنامەیەکى ئیسلامى دابڕێژرێت بۆ کۆمەڵگا، کە من دەلیم کوت و بندیک بووە و کۆمارى ئیسلامى نیشانیدا نەک هەر بە ئێران و خۆرهەڵاتى ناوەڕاست بەڵکو بە هەموو جیهان زەرەری گەیاندووە ، لەگەڵ کەسیکدا کە هەموو تەمەنى خزمەت بە مرۆڤایەتیە چۆن هاوپەیمانى دەکرێت.

ئاسۆ: حزبەکانى کوردستانى ڕۆژهەڵات یەکتر تاوانبار دەکەن کە نایەنە پێشەوە بۆ دروستکردنى بەرە، ئێوە پێتان وایە تاوانبارکێیە و بۆچى بەرە پێک نایەت؟
حەسەن ڕەحمان پەناە: تائەو جێگایەى پەیوەندى بە ئێمەوەهەیە وەک کۆمەڵە دیارە خاوەنى بۆچوونێکى دیارى کراوین. پێموایە دەکرێت بەرە پێکبێت و ئەزموونیش هەروامان پێدەڵێت وەک ئەزموونى ساڵى 58، بەڵام چى دەیخاتە قۆناغى جێبەجێکردنەوە و چى نایخات. لەساڵى 58 کە ئەو بەرەیە پێکهات بزوتنەوەیەکى جەماوەرى لەناوخۆى کوردستناندا لە ئارادابوو. دیارە لە خۆپیشاندانەکانى ئەو سەردەمەدا دەنگى دروشمى جەماوەر بە گوێى ئێمە دەگەیشت و نەماندەتوانى خۆمانى لی گێل بکەین کە دەیانگوت لیژنەى نوێنەرایەتى کورد دروست بکەن، بۆیە لەسەر جوڵانەوەى واقعى و لەسەر داواکارییەکانى خەڵکى کورد دەکرێت لە دواى ئەوە کۆبینەوە و کارى بۆ بکەین کە ئەوە بە برواى ئێمە لە چەند خاڵەدا خۆى نیشان ئەدات.
1 – هەموو لایەنێک ئەوە بە فەرمى بناسن کە دەسەڵات مافى خەڵکە.
2 – دەست نەبردن بۆ چەک لە کوردستاندا ببێتە یاسا و هەموومان ئیمزاى لەسەر بکەین.
3 – بەڕەسمى ناسینى ئازادى سیاسى بۆ خەڵکى کوردستان.
4 – هەوڵدان بۆ ڕووخانى کۆمارى ئیسلامى بەپێى بەرژەوەندى خەڵک نەک بەپێى بەرژەوەندى ئەمریکا و هێزە دەرەکییەکان.
5 – بەرەسمى ناسینى مافە سەرەتاییەکانى خەڵکى کوردستان لە هەموو بوارەکاندا دیارە ئێمە هەم لە ساڵى 57 و هەم لە 16ى گەلاوێژدا ئەو خەروشى جەماوەریەمان بینى بۆیە پێموایە دەکرێت بەرە پێکبێت، بەڵام ئەو مەرجانەى تێدابێت. ئەگەر حزبى دیموکرات بیکات و بڵێت ئەمانە مەرجى ئێمەیە هەرئێستا ئامادەم ئیمزاى بکەم.

عوسمان جەعفەرى: پێکهێنانى بەرەى کوردستانى لەمڕۆدا بەڕاستى پێویستیەکى حاشا هەڵنەگرە و ئەگەر بێت و حزبە کوردییەکان لە هەلومەرجى ئێستادا وەڵامێکى تەواو بە خەڵک نەدەنەوە پێموایە جەماوەر لە نائومێدییەکى گەورەدا دەمێنەوە و دیارە کۆمارى ئیسلامیش دەتوانێت کەڵکى لێوەربگرێت. بۆ نموونە هەر ئەم دانیشتنە شەش قۆڵییە کە ئاسۆ پێکى هێناوە ئەگەر دەنگدانەوەى هەبێت و بەردەوامیش بێت ئاکامى باشى لێدەکەوێتەوە. من بەتەواوەتى لەگەڵ ئەو خالانەدام کە کاک حەسەن وتى و دەتوانین لە دەورى ئەو خاڵانەدا کۆببینەوە.

ڕەزا کەعبى: هەموومان ئامادەین بەرە پێک بێنین، بەڵام کۆمەڵێک مەشاکیل هەیە. کاک حەسەن هەندێک خاڵى دانا، ئەى ئەگەر وایە بۆ حزبە چەپەکان یەکناگرنەوە سەدان حزبى چەپ هەیە، بۆیە پێموایە قسە لەسەر داهاتە، لەسەر دەسەڵاتە و هەر ئەمانە بوونەتە کۆسپێک بۆ پێکهێنانى بەرە و ئێستا لە هەموو کاتێکى تر بۆ پێکهێنانى بەرەیەکى کوردستانى نالەبار ترە ئێمە ئینشقاقمان کردووە، حزبى دیموکرات دوولەت بووە، بەڵام لەهەمان کاتیشدا دانیشتمان پێ باشە: یەکێک لە گرفتەکان هەر ئەو قسەیەیە کە کاک حەسەن دەیکات واتە سنوور بۆ ئایدۆلۆژیا دادەنێن بۆیە دەبێت ئەو قۆناغە تێپەڕێنین و هەموومان دانیشین و سەرەڕاى جیاوازى فیکرى و سیاسى دەبێت ڕێگایەک بۆ یەکێتى و پێکهێنانى بەرەیەک بدۆزینەوە.

شەماڵ پیران: ئێمە هیچ کێشەیەکمان لە بەشدارى هیچ کەسێکدا لە بەرە کوردستانیدا نییە و ئێستاش ئامادەین هەرکەسێک لە هەر شوێنێک کە دەیەوێت ئێمە بچین و بەرە پێکبێنین، لە پێناو بەرژەوەندى خەڵکەکەماندا.

کەمال کەریمى: ئێستا لە هەموو کاتێک ناخۆشترە بۆ ئێمە سەبارەت بە دروستکردنى بەرە، چونکە یەکەم مەرجى دانیشتنى دوو حزب لانى کەم ناسینى یەکترە، ئێستا حزبى دیموکراتى کوردستانی ئیران بۆتە دوولەت نەک تەنیا ئەوان ئێمە نادوینن بەڵکو تەنانەت لە جەژنى قورباندا ئێمە پێمان ڕاگەیاندن کە بۆ جەژنە پیرۆزە سەردانتان دەکەین کەچى ئەوان وڵامیان داینەوە، باشوایە نەیەن، ئەى باشە لەو بارودۆخەدا ئێوە پێتان وایە دانیشتن ئاکامى دەبێت؟ دیارە ئەو گرفتە لەنێوان برادەرانى کۆمەڵەى شۆڕشگێڕى زەحمەتکێشان و برادەرانى ڕەوتى ریفۆرمیشدا هەیە. ئەمە بۆخۆى سەرەتایى ترین گرفتە بۆیە ئەمساڵ نالەبارترین ساڵە بۆ پێکهێنانى بەرە.
بۆ ئەو خاڵانەى کە کاک حەسەن باسیکرد من پێم سەیرە حزبێکى سیاسى خۆى بە شۆڕشگێر بزانێت و ئەوانەى قبوڵ نەبێت، پێموایە هەر حزبێک ئەو شتانە بە ڕەسمى نەناسێت نەک تەنیا بیرلەوە ناکەمەوە لەگەڵیدا بچمە بەرەیەکەوە بەڵکو بە حزبى سیاسیشى نازانم، ئەوەى کە بە بڕواى من زیاتر گرنگى هەیە، قبوڵکردنى یەکترە، بیرکردنەوە لە شێوازى خەباتە بۆ ڕووخانى کۆمارى ئیسلامى، دەبێت ئەوەش بڵێم کە زۆر درەنگە بۆ باسکردن لە پێکهێنانى بەرە، بەڵام لە هەمانکاتیشدا بەڕاستى زۆر دژوارە بەرە پێکبێت.

بەهروز ئەردەڵان: لە ئێستادا هیچ ئاسۆیەک بۆ پێکهێنانى بەرەیەکى کوردستانى نابینم، بەڵام ئێمە وەک سازمانى خەبات پێکهێنانى بەرە وەک هەنگاوێکى گرنگ پێناسە دەکین.

ئاسۆ: تکایە دووا وتەتان چییە بى فەرموون؟
کەمال کەریمى: لە کۆتایشدا دیسان سوپاسی ڕۆژنامەى ئاسۆ و جەنابیشت دەکەم بۆئەوەى کە ئاوا پێکەوە کۆبوینەوە دیارە دانیشتن و پێکەوە بوونمان زۆر غەریب نییە و بەردەوام یەکترمان دیتووە و قسەمان کردووە، بەڵام زۆرتر دوو قۆڵى بووە ئەمە یەکەم جارە کە ئاوا هەموومان پێًکەوە دانیشتن بکەین. بەڕاستى من کە کەڵکى زۆرم لەم دانیشتنە وەرگرت دڵنیام ئەم دانیشتنە قازانجى زۆرى دەبێت، جارێکى تریش سوپاس بۆ میواندارى ئاسۆ بوَ توَش کاک کاوان.

عوسمان جەعفەرى: بەڕاستى ئەم کارەى کە ئاسۆ کردى تازەگەرییەکە کە پێشتر نەکراوە و جێگەى دڵخۆشییە و جارێکى تر سوپاستان دەکەم.

ڕەزا کەعبى: منیش وەک هەموو زۆر سوپاسى جەنابت و ڕۆژنامەى ئاسۆ دەکەم بەڕاستى زەحمەتان کێشاوە و دانیشتنەکەشمان زۆر دۆستانە بوو پێموایە ئەم دانیشتنە خاڵى پۆزەتیڤى زۆر تێدایە، پێموایە ڕۆژنامەى ئاسۆ بەم هەنگاوەى کە بەڕاستى نوێیە دەیەوێت کلتوورى نوێ واتە کلتوورى یەکتر قبوڵکردن بباتە ناو کۆمەڵگاوە و پیێشموایە خەڵک زۆر پێشوازى لێدەکات.
+ نوشته شده توسط ارش.ک در سه شنبه دهم اردیبهشت 1387 و ساعت 21:11 |